شاعیر: هێدی
کتێب: کاروانی خەیاڵ
سەرناو: فریو
لەبارەی شیعر: هەولێر- گەڕەکی ئەفسەران، ٢٠٠٠٫١٢٫٠٣ی زایینی. - کاروانی خەیاڵ، هێدی، چاپی ٢٠١٦، پێداچوونەوەی: ئاڕمان کەریمی، لاپەڕە ٣١٢. - لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی ١٩٢.١٥.٤٦.١٠٨ نووسراوە.

دڵ پەرێشان و به تاسەی تۆوه بیرم ماندووە
من به گۆشەی چاوی تۆ زۆر جار فریوم خواردووه

هەر له ڕێی تۆدایه هەست و گەر نەبووبێ قاسیدیش
من به سروەی بای بەیانیدا پەیامم ناردووه

وەختی هاتوە کەس ئیتر لەو عیشقه سەرکۆنەم نەکا
تازه کاری من له ڕیسوایی و مەلامەت دەرچووه

یەک دەڵێ خاڵه لە ڕوویدا، یەک دەڵێ پیرۆزەیه
گەنجی وی بازاڕی گەرمه ماڵی من وێران بووه

چاوی سەرچاوەی بەڵایه، فیتنەیه، ئاژاوەیه
بۆ خەیاڵ شێواندن و دێوانه کردن جادووه

چەند خەیاڵی من لە دەوری بەژنی وی دێت و دەچێ
ڕازەکەی ناردوومه پێیدا، هێشته نەیدرکاندووه

یار بەڵێنی داوه پێم و دووره لێم جێژوانی کۆن
چۆن لەوێ زۆر جار پەریی شێعرم له ئامێز گرتووه

قەت له چاکەی من نەجاتی نابێ 'هێدی' چونکه من
بوومه کۆیلەی ئەو کەسەی ئەو هێنده خۆشی ویستووە